MAHAT Media
ماهات به ئاگاییەوه کار دەکات.
ساتی ڕێگریکردنی سەربازانی تورکیا لە گەڕانەوەی گوندنشینانی ٢١ گوندی سنوری زاخۆ.
سەربازانی تورکیا لە ڕۆژی ١٥ی حوزەیران، لە گوندی شەرانشی سەروو، ڕێگریان لە گوندنشینانی گوندەکانی دەڤەر “سند و گولی” لە زاخۆ کرد کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان و پێیان ڕاگەیاندن کە گوندەکانیان ئێستا لە ژێر دەستی سوپای تورکیا دایە.
بە گوتەی گوندنشینان، سەربازانی تورکیا جگە لە دروستکردنی بارەگای سەربازی بۆ جێگیربوونیان لە ناوچەکەدا، لە ناو ماڵی چۆڵکراوی گوندنشینانیشدا ماونەتەوە و ماڵەکانیان داگیرکردوون.
Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan
#کوردستان #تورکیا
06/17/2026
گۆڕانکاریی ستراتیجی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
چۆن لاوازیی ئێران دەرفەت بۆ تورکیا دەڕەخسێنێت
یووئاڤ گەڵانت
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل
لە کاتێکدا بەشێکی زۆری جیهان چاوەڕوانی بەرەنجامی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکایە، گۆڕانکارییەکی ستراتیجی بێدەنگتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەیە. مێژوو وانەیەکی سادەمان فێر دەکات: جەنگەکان تەنیا هەڕەشەکان لەناو نابەن، بەڵکوو هاوسەنگی هێز ڕێک دەخەنەوە. واتا کاتێک هێزێک لاواز دەبێت، هێزێکی تر هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکە دەدات.
بەردەوامی گوشارەکانی سەر بەرەی ئێرانی، لێکەوتەی جیۆپۆلەتیکی بەرچاوی هەبووە. ئێران جڵەو کراوە. حیزبوڵڵای لوبنان زیانی زۆری لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەرکەوتووە و ڕژێمی ئەسەد لە سووریا دوای زیاتر لە دە ساڵ شەڕ و پێکدادان کەوت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بۆشاییەکانی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەگمەن بە بەتاڵی دەمێننەوە. لە بارودۆخی ئێستادا، تورکیا وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی کە باشترین پێگەی هەیە بۆ فرەوانکردنی کاریگەرییەکانی، دەستی بە جووڵە کردووە.
هاوبەشی لەسەر بنەمای لۆجیکی ستراتیجی
لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کاتی خزمەتکردنمدا وەک سکرتێری سەربازی ئاریێل شارۆن، سەرۆک وەزیران، بەشداریم لە دیدارە باڵاکان لەگەڵ سەرکردەکانی تورکیا، دەکرد. لەو کاتەدا تورکیا وەک هاوبەشێکی ستراتیجیکی ئیسرائیل سەیر دەکرا، هێزێکی تازەدەرکەوتووی ناو ناتۆ و وڵاتێک کە ئاواتەخوازی ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا هەبوو. ئەم پەیوەندییە ڕەنگدانەوەی چوارچێوەیەکی فرەوانتر بوو کە بۆ یەکەمجار لە لایەن دەیڤید بن گوریۆن، سەرۆک وەزیرانی دامەزرێنەری ئیسرائیلەوە خرایە ڕوو، کە پێی وا بوو ئیسرائیل پێویستە هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتە بەهێزە غەیرە عەرەبەکانی دەوروبەری ناوچەکە دروست بکات.
ئەمەش بە "سیاسەتی دەوروبەری" ناسرابوو. لە کۆتاییەکانی ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردووەوە، گرنگترین پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئیسرائیل ڕێنوێنی دەکرد. بن گوریون ددانی بەوەدانا ئیسرائیل لە لایەن دەوڵەتە عەرەبییە دوژمنکارەکانەوە دەورە دراوە، پێویستی بە هاوپەیمانگەلێک هەیە کە نەیارانی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام هیچ ململانێیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەوڵەتی جوودا نەبێت. تورکیا، ئێرانی پێش شۆڕش و ئەسیوپیا کۆڵەکەی ئەم ستراتیجییە بوون. لۆجیکەکە سادە بوو: ئەم نەتەوە غەیرە عەرەبانە هێندەی ئیسرائیل ترسیان لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی هەبوو، هاوکاریش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان بوو.
بۆ دەیان ساڵ، ئەم چوارچێوەیە کاری دەکرد، هەرچەندە بە توندییەکی تاڕادەیەک کەم. ئیسرائیل پەیوەندییە هەواڵگری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و تاران پاراست. تورکیا ئەم پەیوەندییەی وەک چەپەرێک لە بەرانبەر گوشارەکانی ڕژێمە ڕادیکاڵەکانی عەرەب سەیر دەکرد. ئێران لە سەردەمی شادا، ئیسرائیلی وەک پارسەنگێکی سروشتی لە بەرانبەر زێدەخوازییەکانی عێراق و میسردا دەبینی. ئاشتی لەگەڵ میسر لە ساڵی ١٩٧٩، یەکەم ددانپێدانانی ئیسرائیل لە لایەن دەوڵەتێکی عەرەبییەوە، تەلارسازی ناوچەیی فرەوانتری بە ئاراستەیەکی تەواو جیاوازدا چەسپاند.
بەڵام ئەم سیاسەتە بەردەوام کاتی بووە. بۆ پاراستنی ئیسرائیل تا کاتی گەیشتنی بە ئاشتی لەگەڵ درواسێ عەرەبەکانی داڕێژرابوو، نەک وەک جێگرەوەی ئەو ئامانجە. بناغەکانی لاواز بوو. شۆڕشی [ئیسلامی]ی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لە شەوێکدا یەکێک لە کۆڵەکەکانی ڕووخاند. کودەتا سەربازییەکەی ئەسیوپیا لە ساڵی ١٩٧٤ کە هایڵی سڵاسی ئیمپراتۆری لەناو برد، کۆڵەکەیەکی دیکەش کەوت. هاوبەشی لەگەڵ تورکیا زیاتر مایەوە، بەڵام ڕێڕەوی سیاسی دوو دەیەی ڕابردوو ئەنقەرەی لە نزیکترین هاوپەیمانی موسڵمانی ئیسرائیلەوە گۆڕی بۆ یەکێک لە ڕاشکاوترین ڕەخنەگرانی.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، داڕمانی دواین کۆڵەکەی ئەو سیاسەتەیە. تورکیا چیتر بە هاوبەشێکی دەوروبەری ئیسرائیل دانانرێت، خۆی وەک هێزێکی ناوەندی پێشان دەدات، هێزێک کە لاوازبوونی ئێران نەک وەک دەستکەوتێکی ستراتیجیی هاوبەش [لەگەڵ ئیسرائیل]، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ فرەوانکردنی دەسەڵاتی خۆی دەبینێت.
ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی کەمبوونەوەی نفووزی ئێران لە ناوچەکەدا دروست دەبێت
ئێران لە ڕێگەی گرووپەکان، مووشەک و بەدەسهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە بەدوای هەژموونی ناوچەییدا دەگەڕا. ئەمەش ناسەقامگیری هەناردە دەکرد و لە هەمان کاتدا تا ئەو ڕادەیەی دەکرا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرت. هەڵمەتی ئیسرائیل لەدژی هێزەکانی سەر بە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم پێکهاتەیەی تێک دا. لەگەڵ لاوازبوونی ئێران، بۆشایی دروست دەبێت و تورکیاش پڕی دەکاتەوە.
ئەم کاریگەرییە بەڕوونی لە سووریا دیارە. لە ماوەی کارکردنم وەک وەزیری بەرگری، بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن گۆڕانکاری لە بەرەکانی شەڕدا هەلومەرجی لەبارتر بۆ چوونەناوەوەی تورکیا دروست دەکات. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، بوونی تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئێستا ئەنقەرە پاڵپشتییەکی گرنگ لە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دەکات و خۆی وەک کارگێڕی سەرەکی هێزی دەرەکی ئەو وڵاتە دادەنێت. ئێستا هێزەکانی تورکیا ناوچەکانی باکووری سووریایان کۆنتڕۆڵ کردووە و دەسەڵاتیان دەگاتە دەوروبەری دیمەشق کە تەنیا چەند دە کیلۆمەترێک لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. هەروەها تورکیا لە ڕێگەی گرووپەکان، تۆڕی هەواڵگری و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە "قوڵاییی ستراتیجی" لە سووریا دروست دەکات.
بەڵام ئەم کاریگەرییە تەنیا بە سووریاوە سنووردار نەکراوە. کاریگەری تورکیا لە سەرانسەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقادا بڵاو بووەتەوە. هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی لە ئورشەلیم، بەتایبەتی لە دەوروبەری شوێنە پیرۆزەکان زیاتر بکات. هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و ئاشتی لە غەززە، ئامادەبوونی ناوچەیی خۆی لەسەر سنووری ئیسرائیل فرەوانتر بکات. بڕیارە تورکیا لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لە ٧ی جووڵایدا ڕێککەوتنێکی وزەی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکات کە ڕەنگە ڕێگەی گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ ناو پڕۆژەی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بڕەخسێنێت. پیشەسازی بەرگریی تورکیا تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دە ملیار دۆلار کەلوپەلی هەناردە کردووە.
ئەمە هەر وا بێ ئامادەکاری نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی زێدەخوازیی ستراتیجی درێژخایەنە. تورکیا و ئێران، شانبەشانی میسر دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن، سنووری هاوبەشیان هەیە و لە ناوچە بەیەکداچووەکاندا، لەوانە قەوقاز، کێبەرکێ لەسەر کاریگەریی خۆیان دەکەن. هەرچەندە ئەم دوو وڵاتە لە ڕووی ئایینییەوە جیاوازن، یەکێکیان بە شێوەیەکی سەرەکی سوننەیە و ئەوی دیکەیان شیعەیە، بەڵام تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە؛ هەردووکیان میراتگری نەریتە ئیمپراتۆرییەکانن، هیچ کامیان عەرەب نین و هەردووکیان خۆیان وەک سەرکردەی سروشتی ناوچەکە دەبینن. لەو شوێنانەی کە ئێران لە ڕێگەی توندوتیژی و تیرۆرەوە چالاکی دەکرد، تورکیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە کاریگەری خۆی دەخاتە ڕوو. ئەم جیاکارییە گرنگە.
لەناو سیستەم، نەک لە دەرەوەی
جیاوازی ڕۆڵی ئێران و تورکیا لە ناوچەکە، جەوهەری ئاڵنگاریی ئەمنییەتی بۆ ئیسرائیل و جیهان دیاری دەکات. ئێران مەترسیدار بوو، بەڵام تاڕادەیەک گۆشەگیر بوو. ئێران بەهۆی چڕبوونەوەی لەسەر گرووپە میلیشیاکان و گاریگەری سنووردار بە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەجۆرێک لە سیستەمی جیهانی و تۆڕە فەرمییە ئابووری و سەربازییەکان دوور مابووەوە.
لە بەرانبەردا، تورکیا ئاڵنگارییەکی ئاڵۆزترە، چونکە بەشێکە لە سیستەمی ڕۆژئاوایی. ئەنقەرە بە شێوەی زارەکی ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، بازرگانی لەگەڵ ئەورووپا دەکات. کێبەرکێ لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەییەکان دەکات، لە ناتۆدا ماوەتەوە و خاوەنی دووەم گەورەترین هێزی سەربازی ئەم هاوپەیمانییەیە. ئەم وڵاتە خاوەنی توانا سەربازییە پێشکەوتووەکانە و لە هەمان کاتدا شەرعییەتی دیپلۆماسی خۆی دەپارێزێت.
دووبەرەکی سوننە و شیعە وەک هێزێکی بزوێنەر
ئەزموونی دەیان ساڵەی ئۆپەراسیۆن فێری کردم کە ڕکابەرییە ئایدیۆلۆجییەکان لەناو جیهانی موسڵماناندا تیۆری نین. ئەوان ستراتیجی، هاوپەیمانی و ململانێکان دەجووڵێنن. ئێران نەک تەنیا بۆ تەحەدای ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ بەلاڕێدابردنی توانای وڵاتە عەرەبییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی خودی تاران، وەبەرهێنانێکی زۆری لە فەلەستین کرد. دووبەرەکی سوننە و شیعە هێشتا یەکێکە لە بەهێزترین هێزەکانی ڕێکخەری ناوچەکە. ئەگەر بەرەی شیعە بەردەوام لاواز بێت، ئەکتەرە سوننییەکان کێبەرکێ دەکەن بۆ ئەوەی چوارچێوەی داهاتوو دابڕێژن. لەناو ئەم ئەکتەرانەدا، تورکیا خاوەنی قەبارە، توانا و زێدەخوازییەکی بێهاوتایە.
هێز و هاوسەنگی دژبەیەک نین
هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە کاریگەریی تورکیا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری. مێژوو، نموونەگەلێکی ئومێدبەخشتر دەخاتە ڕوو. قۆناغێک هەبوو کە ئیسرائیل پەیوەندییەکی بونیادنەری لەگەڵ تورکیا، ئاشتی لەگەڵ میسر و هاوسەنگی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران هەبوو. پەیوەندی نێوان ئیسرائیلییەکان و تورکەکان قووڵ بوو، نەک تەنیا لە نێوان حکوومەتەکاندا. ساڵانە دەیان هەزار گەشتیاری ئیسرائیلی سەردانی تورکیایان دەکرد. کۆمپانیا تورکییەکان باڵەخانە بەرزەکانی تەلئەبیبیان دروست کرد. بازرگانانی ئیسرائیلی لە هەموو کەرتەکاندا کاڵای تورکییان هاوردە دەکرد. ئەو پەیوەندییانە ڕاستەقینە بوون و دوژمنایەتی سیاسی هەرگیز بەتەواوی لەناوی نەبردن. سەرەڕای ئەو ڕکابەرییانەی کە لەم دەیان ساڵەی دواییدا پەرەیان سەندبوو، کاتێک بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر لە مانگی فێبریوەری ٢٠٢٣دا لە تورکیای دا، من فەرمانم بە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل دا دەستبەجێ بۆ ئەرکی فریاگوزاری بگەنە تورکیا، کە دوای شاندی ئازەربایجان، دووەم گەورەترین و کاریگەرترین شاندی نێودەوڵەتی بوو لە دەرهێنانی ڕزگاربووان.
هاوسەنگی ناوچەیی مەحاڵ نییە، بەڵام هاوسەنگی خۆبەخۆ پارێزراو نامێنێتەوە. ئەمەش پێویستی بە ستراتیجییەکی ڕوون و ناسینی هۆشیارانەی واقیعە تازەسەرهەڵداوەکان هەیە. ئیسرائیل پێویستە چالاکانە هەوڵی چاککردنەوەی ئەم پەیوەندییانە بدات و سوود لە بنەڕەتە ستراتیجیکییە هەنووکەییەکان وەربگرێت. بەڵام پێکەوەهەڵسوکەوتکردن دەبێت لەگەڵ شەفافییەت بێت. ئەگەر ئامانجەکانی تورکیا دوور بن لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە، ئەوە ئەم بابەتانە پەیوەندییان بە سەروەری تورکیاوە هەیە. بەڵام ئەگەر هێزەکانی سەر بە تورکیا لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل چالاکی بکەن، ئەو کاتە لێکدانەوەکە دەگۆڕێت. ئیسرائیل بەبێ دوودڵی بەرژەوەندییە ئەمنیەتییە نەتەوەییەکانی خۆی دەپارێزێت.
گۆڕانی دۆخی یارییەکە و گرنگی هەنگاوی داهاتوو
لە سەردەمی شەڕی ئێستادا، من هەر لە سەرەتاوە باوەڕم وا بوو ئیسرائیل سەردەکەوێت، چونکە من ئاگام لە ئیرادەی سەربازەکانمان و بەهێزی ئەو سیستەمە بوو کە پشتیوانیان بوو. بەڵام سەرکەوتنی سەربازی هەمیشە دەبێت دوورڕووانی ستراتیجیک بەدوای خۆیدا بهێنێت. سەرکەوتن لە شەڕێک کۆتایی بە یارییەکە ناهێنێت، بەڵکوو تەختەشەترەنجەکە دەگۆڕێت.
لاوازیی ئێران دەستکەوتێکی گرنگە. بەڵام ئەو پێکهاتەی جێگەی دەگرێتەوە، نەوەی داهاتووی نەزمی ناوچەیی دیاری دەکات. تورکیا لە ئێستاوە خۆی لە ناوەندی ئەو پێکهاتەدا جێگیر کردووە، توانای سەربازی، دەستڕاگەیشتنی دامەزراوەیی و زێدەخوازی پێویستی بۆ داڕشتنی فۆڕمی داهاتوو هەیە.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو ئاڵنگاری جیاوازیان بۆ ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە و هەریەکەیان پێویستی بە وەڵامدانەوەی جیا هەیە. سەبارەت بە ئێران، تاکوو پەنجەرەی دەرفەت کراوەیە، جیهانی ئازاد دەبێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوانە و بێ دواکەوتن هەنگاو بنێت تاکوو توانای ئەتۆمی و ئەو مووشەکانەی ماوەتەوە، لەناو ببرێن.
بەرانبەر بە تورکیا ئەرکەکە جیاوازە: دەبێت چالاکییە گەشەسەندووەکان تورکیا بخاتە سەر ئاراستەگەلێک کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیادنەر بێت، نەک ئەوەی کە ڕێگەی پێ بدرێت ببێتە سەرچاوەیەکی نوێی گرژی. ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەفتەکانی داهاتوودا دەکرێن، دیاری دەکەن کە ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ئێران سەقامگیرتر دەبێت یان تەنیا فۆرمی مەترسیداربوونەکەی جیاواز دەبێت. ئەوانەی چاوەڕێ دەکەن تا نەزمی نوێ بچەسپێت و دواتر کاردانەوەیان هەبێت، بۆیان دەردەکەوێت کە چیتر ناتوانن فۆڕمەکەی دیاری بکەن، بەڵکوو لەناویدا دەژین.
#کوردستان #ایران #ئەمریکا #تورکیا #ئیسرائیل
06/16/2026
مەنسوور حیکمەت لە تەرازووی واقیعدا: لە فەنتازیای کاغەزەوە بۆ ئیفلاسی سیاسی لە کوردستان
جەلال هۆرێنی
پێگەی هەر تێزێکی سیاسی لەوەدا کورت دەبێتەوە کە تا چەند لە تاقیکردنەوەی مێژوودا ڕاست دەردەچێت. خوێندنەوەی دەقەکەی مەنسوور حیکمەت دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە، نەک هەر دابڕانی ئەو ڕەوتە لە واقیعی سیاسی دەسەلمێنێت، بەڵکو نیشانی دەدات کە چۆن پێشبینییەکانیان لە تەرازووی مێژوودا هەڵوەشانەوە. لێرەدا دەقی کۆڵەکەکانی پلاتفۆرمەکەی حیکمەت وەک خۆی دەخەینە ڕوو و لە ژێریدا خوێندنەوەی واقیعی بۆ دەکەین.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئهمرو له كوردستانى عيراقدا قسه له زهروورهتى سهرههلدانى هيزيكى سييهم ئهكريت... لهروانگهى زوريك له خهلكهوه، وه تهنانهت له روانگهى خودى دوو حزبه ناسيوناليستييه سهرهكييهكهوه، ههرئيستا هيزيكى سييهم لهمهيداندايه، ئهويش حزبى كومونيستى كريكاريى عيراقه... هيزى سييهم يان دهبى ببيته هيزى يهكهم, يان ببيته تهماشاكهرى ئهوهى كه چارهنووسى كوردستانى عيراق، لانى كهم لهم دهورهيهدا، بورژواكان ديارى بكهن.)
ڕەخنەی ئێمە:
مێژوو پێچەوانەی ئەم پێشبینییە فەنتازییەی سەلماند. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری نەک هەر نەبوو بە هێزی یەکەم و نەیتوانی جەماوەر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵکو لەسەر عەرزی واقیع تەنانەت لە دوای ڕیزی بیستەمیشەوە جێگەی نەبووەوە. تێزی (هێزی سێهەم) تەنها دروشمێکی حیزبیی ناو هۆڵە داخراوەکان بوو؛ چونکە لە دەرەوەی کاغەز، جەماوەری کوردستان ڕەوتی حیکمەتیزمیان وەک نامۆیەک سەیر دەکرد کە لە ئازاری ڕاستەقینەی خەڵک دابڕاوە. هێزێک نەتوانێت لە ناوخۆدا یەک کورسیی نوێنەرایەتی بەدەستبهێنێت، چۆن دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی یەکەم؟
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(سهربهخويى كوردستانى عيراق له روانگهى كومونيزمى كريكارييهوه بيگومان يهكهمين ههلبژاردن نييه. وهلامى يهكهمى ئيمه به مهسهلهى ميللى له گشت ناوچهكهدا شورشى كريكارييه... سهربهخويى كوردستانى عيراق تهنانهت دووهم ههلبژادنيشمان نييه. عيراقيكى غهيره قهومى، عيراقيكى ئازاد... بيگومان له جيايى كوردستان باشتره.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم ڕستەیە گەورەترین دژایەتیی فیکریی حیکمەتیزم ئاشکرا دەکات. ئەوان دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک کە ئەنفال و کیمیاباران کراوە، وەک (ئامانجی پلە سێ) دەبینن و تەنها وەک (تاکتیکێک بۆ تەزکیکردنی حیزبەکەیان) بەکاری دەهێنن. حیکمەت دان بەوەدا دەنێت کە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا لای ئەو لە سەربەخۆیی کوردستان گرنگترە. ئەمە پیشانی دەدات کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هیچ کات بڕوای ڕەسەنی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد نەبووە، بەڵکو پرسی سەربەخۆیی لای ئەوان کەرەستەیەکی سیاسی بوو بۆ ململانێ، نەک ستراتیژێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئهم حزبه كونانه له كوردستانيكى سهربهخودا بهخيرايى دهكهنه پهراويزهوه... تهنها وجودى كونهپهرستييهكى هارو بيگانه خهلكى ناچار كردووه مهيدانداريى ئهمانه قبوول بكات.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم شیکردنەوە سۆسیۆلۆژییە نیشانەی تێنەگەیشتنی قووڵە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان. حیکمەت پێیوابوو ئەگەر کوردستان بەرەو سەربەخۆیی بڕوات، حیزبە کوردییەکان نامۆ دەبن و دەسەلمێنرێت کە ئەوان لە دواوەی مێژوون. بەڵام واقیعەکە چی بوو؟ لە ساڵی ٢٠١٧دا کاتێک پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەسەر عەرزی واقیع ئەنجامدرا، ڕێک ئەو حیزبە نەتەوەییانە بوون کە ڕابەرایەتیی پڕۆسەکەیان کرد و جەماوەریش دەنگی پێدا، لە کاتێکدا حیزبەکەی حیکمەت بوو بە تەماشاچی و لایەنگرەکانیان ناچار بوون پشتگیری لە پڕۆژەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بکەن! حیزبە کوردییەکان نەکەوتنە پەراوێزەوە، بەڵکو ئەوە تێزەکەی حیکمەت بوو کە لە کەناری مێژوودا جێما.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئهم ريفراندومه دهبيو واباشتره كه بهرهزامهنديى دهزگا رهسمييه نيونهتهوهيييهكان ئهنجام بدريت بوئهوهى تهنفيزكردنى ئهنجامهكهى زهمانهتيكى زورترى ههبيت... له وهها ريفراندوميكدا ئيمه دهبى پيكهينانى ولاتيكى سهربهخو پيشنياز بكهين.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەمڕۆ کادیرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری شانازی بەوەوە دەکەن کە پڕۆژەی ڕیفراندۆم هی ئەوان بووە لە ساڵی ١٩٩٥دا. بەڵام پرسیارە سادەکە ئەمەیە: کاتێک تێزێک لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و هیچ ئامراز و کەرەستەیەکی جێبەجێکردنی لەسەر زەمینی واقیعدا نییە، چ بەهایەکی هەیە؟ کاتێک پڕۆژەیەک هێزی جەماوەریی لەپشت نەبێت، ناچار دەبێت چاوەڕێ بکات تا نەیارە سیاسییەکانی حیزبە نەتەوەییەکان لە ساڵی ٢٠١٧دا پڕۆژەکە ببەنە سەر سندوقی دەنگدان. ئەمە گەورەترین بەڵگەیە کە حیکمەتیزم تەنها توانای بەرهەمهێنانی دەقی هەیە، بەڵام لە دروستکردنی گۆڕانکاریی واقیعی و مێژووییدا بە تەواوی ئیفلاسی کردووە.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(بهلام ههموو ئهم باسانه بهماناى ئهوهيه كه ئيمه بههينانه گورى ئهم شيعاره ئهچينه ناو قهلهمرهويكى حهساسهوهو دهبى بهووردى ئاگادارى سنووربهنديى خومان بين لهگهل ناسيوناليزمى كورددا.)
ڕەخنەی ئێمە:
لێرەدا حیکمەت دەکەوێتە ناو داوی ترسی ئایدیۆلۆژی لە پرسی نەتەوەیی، بە جۆرێک کە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی ستەملێکراو تەنها وەک (قەڵەمڕەوێکی حەسادەت بار یان ناسیۆنالیزم) دەبینێت. ئەو وای پیشان دەدا کە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمە فاشیستەکان، تەنها کایەیەکی بۆرژوازییە کە دەبێت لێی دوور بکەونەوە. ئەم جۆرە تێڕوانینە سووکایەتیکردن بوو بەو مێژووە پڕ لە قوربانییە و دابڕانێکی تەواوی ئەوانی لە هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵک دروست کرد. مێژوو دەریخست کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ڕزگاری، بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکارییەکان بوو، نەک ئەو هاوپەیمانییە خەیاڵییە کرێکارییەی کە تەنها لە جیهانی ئەبستراکتی حیکمەتدا بوونی هەبوو.
مەنسوور حیکمەت دەڵێت:
(ئهمانه ئاكامى زال بوونى خهباتى پيشمهرگانهن بهسهر ژيانو ميتابوليزمى سياسى له كوردستانى عيراقدا. بهههر رادهيهك كه
ئهم شيوهيه مهوزوعييهتى خوى لهدهست بداتو شارهكان ببنه مهلبهندى سياسى ئهسليى، ئهمانه تهريك دهكهوهنهوهو نامو ئهبن. هيزهاوسهنگى چينايهتى لهخودى كومهلگاى كوردستانى عيراقدا زور لهدژى ئهوانه.)
ڕەخنەی ئێمە:
ئەم گوتارە نیشانەی نەخوێندنەوەی پێگەی جێۆپۆلەتیکی کوردستان و واقیعی ناوچەکە بوو. حیکمەت پێیوابوو تەنها بە گواستنەوەی چەقی خەبات بۆ ناو شارەکان و کەمبوونەوەی ڕۆڵی (خەباتی پێشمەرگایەتی)، حیزبە چەکدارە نەتەوەییەکان تەریک دەکەونەوە. بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماند؛ لە ناوچەیەکدا کە لە لایەن چوار دەوڵەتی داگیرکەری خاوەن سوپای بەهێزەوە گەمارۆ درابوو، سووکایەتیکردن بە خەباتی چەکداری و پێشمەرگایەتی وەک هێزی پارێزەر، دوورکەوتنەوە بوو لە لۆژیکی واقیع. ئەگەر ئەو هێزە چەکدارییە نەتەوەییە نەبووایە، نەک قەوارەی هەرێم نەدەپارێزرا، بەڵکو لە ساڵانی دواتردا لە بەرامبەر هێرشی تێرۆریستانی وەک داعش و حەشدی شعبیدا، شارەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی گەورەتر دەبوونەوە. حیکمەت دەیویست بە تێڕوانینی عەقڵانی شاریی ئەوروپی، ململانێیەکی سەربازی و جەنگیی دڕندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە ببات، بۆیە واقیعەکە لە بەرژەوەندیی خەباتی چەکداری شکایەوە و تێزەکەی ئەو تەنها وەک تیۆرییەکی سەر کاغەز مایەوە.
نووسینی دروشمی ڕادیکاڵ لەسەر کاغەز زۆر ئاسانە، بەڵام واقیعی سیاسی پیاوی مەیدانی دەوێت. مێژوو دەریخست کە کۆمۆنیزمی کرێکاری نەبوو بە هێزی یەکەم، نە کێشەی کوردی چارەسەر کرد، و نە توانی چرکەیەک گۆڕانکاری لە ژیانی کرێکارانی کوردستاندا دروست بکات. ئەوان لە ناو دەقەکانی حیکمەتدا سڕ بوون، لە کاتێکدا مێژووی ڕاستەقینەی کوردستان لە دەرەوەی هۆڵەکانی ئەوان بەڕێوەچوو.
تێبینی :دەقی نوسینەکەی مەنسوری حیکمەتم لە برادەرانی کۆمۆنیست وەرگرتوە ، کە بڵاویان کردۆتەوە ، وەک خۆی دامناوە پڕە لە هەڵەی ڕێنوس.
#کوردستان #چەپ #کۆمۆنیست
06/15/2026
سوپای تورکیا ڕێگری لە دانیشتووانی ٢١ گوندی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد کە بگەڕێنەوە سەر گوندەکانی خۆیان.
لە ڕۆژی ١٠ی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا لە زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری “سندی و گولی”یان کرد کە دەتوانن لە ١٥ی حوزەیراندا بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان کە ماوەی ٦ ساڵە سوپای تورکیا داگیریکردوون و خەڵکەکەیانی ئاوارە کردوون.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) و گوندەکانی گەلی پساغا(بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و ١١ گوندی تر، بۆ سەردانیکردنی گوندەکانیان دەکەونەڕێ. کاتێک دەگەنە، گوندی شەرانشی سەروو، دەبینن کە سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە داناوە. گوندنشینە گەڕاوەکان لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن و پێیان دەڵێن “بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانتان. لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە دایە و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.”
لە ساڵی ٢٠٢٠ و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری داگیرکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانی ١،١٩٢ گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وابوو کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا گوندنشینان ڕێگەیان پێ نەدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.
کامەران عوسمان
Community Peacemaker Teams - Iraqi Kurdistan
06/14/2026
ڕێککەوتنی ئەمنیی بەغدا و هەولێر؛ سوپاسالاری عێراق نەخشەڕێگای پاراستنی کێڵگەکانی نەوتی واژۆ کرد
ماهات میدیا
هاوکات لەگەڵ ئاسۆکانی هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتن، دۆسیەی نەوت و ئاسایشی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی جێگیربوونەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنیی حکومەتی فیدراڵی سەردانی هەولێریان کرد.
شاندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکەی عێراق کە بە سەرۆکایەتیی فەریق یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بوو، لە گەشتەکەیاندا بۆ هەولێر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا. شاندەکە لەگەڵ مەسعود بارزانی (ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان)، نێچیرڤان بارزانی (سەرۆکی هەرێمی کوردستان) و مەسرور بارزانی (سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان) کۆبوونەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکان تایبەت بووە بە کەرتی وزە. نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا و هەولێر ڕێککەوتوون لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێیەکی بەهێز و توندوتۆڵ بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و سنووردانانی یەکجاری بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان.
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتی، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە نوێیە، ڕەخساندنی دۆخێکی لەبار و ئارامە بۆ دەستپێکردنەوەی فەرمیی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم و هەناردەکردنی، بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئابووریی گشتی و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە وڵاتدا.
ئەم سەردانە و ڕێککەوتنە هاوبەشە دوای قۆناغێکی سەخت دێت؛ بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی پێشووی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ناچار ببوون بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. ئەو هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ گرژی و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێستا بەغدا دەیەوێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر، چەتری پاراستن بۆ کێڵگەکانی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان دابین بکات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەباح نوعمان ڕایگەیاند کە هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی کاری هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە، بە تایبەت بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێڵەکانی تەماس و بنبڕکردنی پاشماوەکانی تیرۆر.
ئەم جووڵە خێرا و فەرمییەی سوپاسالاری عێراق بۆ هەولێر، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو گۆڕانکارییە دراماتیکییانەیە کە لە واشنتۆن و تاران ڕوودەدەن. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی گەیشتوونەتە لێکگەیشتن و گرووپە چەکدارەکانی وەک عەسائیب و سەرایا سەلامیش لە بەغدا دەستیان بە چەکدانان کرد، هۆکاری هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێم (کە وەک کارتی فشار بەکاردەهێنران) کۆتایی هاتووە.
حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی لە بەغدا، پێش گەیشتن بە وادەی یەکلاکەرەوەی دادگای فیدراڵی لە ١ی تەمووز، دەیەوێت سەرکەوتنێکی گەورەی ئابووری و دارایی تۆمار بکات. ناردنی شاندی سەربازی بۆ پاراستنی کێڵگەکان، پەیامێکی ڕوونی دڵنیاییە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان (وەک کار و دانا غاز) کە دەتوانن بەبێ ترس لە دەسڕێژی موشەکی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەم هەنگاوە هاوبەشەی نێوان سوپا و پێشمەرگە، پێگەی هەرێمی کوردستان لە دانوستانە داراییەکاندا بەهێزتر دەکات و دەبێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) کە دوای جەژنی قوربان بە دەستکەوتێکی ئابوورییەوە بچنە سەر مێزی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێ، چونکە هەناردەکردنەوەی نەوت کلیلی سەرەکیی چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمە.
#کوردستان #العراق #نەوت
06/14/2026
ترەمپ لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی سەدە لەگەڵ ئێران نزیک دەبێتەوە و ناتانیاهۆ و تاران ئاگادار دەکاتەوە
ماهات میدیا
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی تەقینەوەی جەنگێکی گشتگیری دەکرد دوای هەرەشە توندەکانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئێران، هاوکێشەکە لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا بەرەو لوتکەی دیپلۆماسی وەرچەرخا. کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان واشنتۆن و تاران تەنها چەند هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ واژۆکردنی کۆتایی.
تری یەنگست، پەیامنێری سەربازی و دیار لە کەناڵی (Fox News) ڕایگەیاند کە کەمێک لەمەوبەر ڕاستەوخۆ و بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ قسەی کردووە. بەپێی وتەی پەیامنێرەکە، ترەمپ زۆر گەشبین بووە و پێشبینی کردووە کە: "لە ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێری داهاتوودا، ڕێککەوتنە گەورەکە لەگەڵ ئێران بە فەرمی واژۆ بکرێت." ئەمەش نیشان دەدات کە گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی گەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.
پەیامنێرەکەی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد کە هێرشە کتوپڕەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان، دۆناڵد ترەمپی بە توندی توڕە کردووە، چونکە ئەو هێرشە لە کاتی لوتکەی گفتوگۆ نهێنییەکاندا بووە.
ترەمپ بە تەلەفۆن پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە و بە توندی لێی پرسیوە: "ئەوە چی دەکەیت؟" ترەمپ داوای لێکردووە دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان ڕاگرێت و هێرشی نوێ ئەنجام نەدات، چونکە هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە دەشێت ڕێککەوتنە مێژووییەکەی ئەمریکا و ئێران بخاتە مەترسییەوە.
هاوکات لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی توندی تەلئەبیب، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە داوای لە سەرکردایەتیی ئێران (تاران) کردووە کە بە هیچ جۆرێک هێرشی موشەکیی تۆڵەسەندنەوە نەکاتە سەر ئیسرائیل لە بەرامبەر لێدانی بەیروت، تاوەکو ڕێڕەوی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەم چەند کاتژمێرەدا تێکنەچێت.
ئەم پەرەسەندنە خێرایە ڕاستیی ئەو تاکتیکە دەسەلمێنێت کە پێی دەوترێت "هونەری ڕێککەوتن لەژێر زەبری هێزدا". تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ترەمپ هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی وزە و پردەکانی ئێرانی کرد و بە هۆی گەمارۆی دەریاییەوە مووچەی سوپای پاسدارانی بڕی، تاران درکی بەوە کرد کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ واشنتۆن لەم قۆناغەدا بە واتای داڕمانی تەواوەتی دەست دێت.
هێرشەکەی ناتانیاهۆ بۆ سەر بەیروت، هەوڵێکی تەلئەبیب بوو بۆ تێکدانی ئەم لێکگەیشتنە، چونکە ئیسرائیل نایەوێت واشنتۆن و تاران ڕێبکەون، بەڵام وەڵامی توندی ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ نیشانی دەدات کە واشنتۆن ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات "سەرکوتنی سەدە"ی ترەمپ پەکبخات. ئەگەر لە سێ کاتژمێری داهاتوودا ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە ناو فەرهەنگێکی نوێی سیاسییەوە، کە تێیدا پێگەی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە بەغدا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت.
#ترامپ
#ئەمریکا #ایران
06/12/2026
چەپی مەیدانی و هاوکێشە واقیعییەکان: ڕۆڵی حزبی شیوعی لە کوردستان و ئاسۆ جیهانییەکەی
جەلال هۆرێنی
له مێژووی سیاسیی هاوچهرخی كوردستان و عێراقدا، بزووتنهوهی چهپ و سۆشیالیستی ههمیشه هێزێكی كاریگهر بووه له هۆشیاركردنهوهی كۆمهڵگا و داكۆكیكردن له مافی چهوساوهكان. بهڵام له ناو ئهم مێژووهدا، جیاوازییهكی جهوههری ههیه له نێوان ئهو تێڕوانینهی كه فیکر تهنها وهك "دهق و دروشمێكی گریمانهیی لە ناو بازنه داخراوهكاندا" دهبینێت، لەگەڵ ئەو قوتابخانە ڕەسەنەی کە فیکر لە ناو ئازار، شوناس و مێژووی خەڵکدا پراكتیزه دهكات. خوێندنهوهی پێگهی حزبی شیوعی، نموونهی هێزێكی مهیدانی و واقیعییه كه توانیویهتی هاوسهنگی له نێوان دۆزی چینایهتی، گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و شوناسی نهتهوهییدا دروست بكات.
پێگەی ڕاستەقینەی هەر هێزێکی سیاسی بەوە دەپێورێت کە تا چەند توانیویەتی مێژووی وڵاتەکەی بگۆڕێت. حزبی شیوعی خاوەنی مێژوویەکە کە ئەندازیاری گۆڕانکارییە گەورەکان بووە؛ لە سەردەمی مەلەکایەتیدا، لە ڕێگەی ڕابەرایەتیکردنی خۆپێشاندانە ملیۆنی و بێوێنەکانی شەقام، بووە بزوێنەری سەرەکیی ڕوخانی سیستەمی کۆن و ڕاگەیاندنی کۆماری عێراق لە ساڵی ١٩٥٨دا. هاوکات، حزبی شیوعی تەنها لە ناو شارەکاندا نەمایەوە، بەڵکو چووە ناو قووڵایی گوندەکانی کوردستان و سەرپەرشتیی ڕاپەڕینی مێژوویی جوتیارانی کرد دژی چەوسانەوەی دەرەبەگەکان، کە سەرەنجام بووە هۆی تێکشکاندنی سیستەمی کۆنی دەرەبەگایەتی و ڕزگارکردنی ملیۆنان مرۆڤی چەوساوە.
ئەم مێژووە پڕ لە دەستکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە، جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەگەڵ ڕەوتە چەپەکانی دیکە کە تەنها کورت بوونەتەوە لە ناو کایە فیکرییەکاندا و لە سەر عەرزی واقیع نەبوونەتە هۆکاری هیچ گۆڕانکارییەکی مێژوویی و بنەڕەتی لە ژیانی هاووڵاتیاندا.
ناسنامهی ههر هێزێكی شۆڕشگێڕ، ئاستی ئامادهبوونیهتی لەسهر عهرزی واقیع له سهردهمه سهختهکاندا. حزبی شیوعی مێژوویهكی پڕ له قوربانیدانی ههیه كه تێكهڵ به خاك و خهڵكی كوردستان بووه؛ له ناو جهرگهی زیندانه دڕندهكان و لە ژێر دژوارترین ئەشکەنجەی ڕژێمی بەعسدا، لەسەر سێدارهكانهوه تا خهباتی كاریگهری چهكداریی پارتیزانی (پێشمەرگە) له شاخهكانی كوردستاندا دژی دیکتاتۆریەت.
ئهم مێژووه مهیدانییه جیاوازییهكی گهورە دروست دهكات لەگەڵ ئهو تێزه چهپانهی كه تهنها له سهردهمی فهزای كراوه و ناوچهی ئارامدا دهركهوتن و خهباتیان له چوارچێوهی هۆڵهكان، كۆڕه تیۆرییهكان و سهكۆ میدیاییهكاندا كورت بووهوه. حزبێك كه له ناو دڕندهیی شهڕ و ئازاری ڕاستەقینەی خەڵکدا ڕەگی داکوتاوە، جیاوازە لەوانەی تەنها بیردۆز دەکەن.
یهكێك له خاڵه ههره بههێزهكانی حزبی شیوعی، تێگهیشتنی بوو بۆ ئهوهی كه ناكرێت پرسی چینایهتی و مافی كرێكاران له شوناسی نهتهوهیی گهلێكی بندهست داببڕدرێت. ئهم حزبه ههمیشه باوهڕی چهسپاوی به مافی دیاریکردنی چارەنووس و سهربهخۆیی كوردستان ههبووه، و ههمیشه داكۆكی له ئاڵای كوردستان وهك سیمبولی شوناس و ڕزگاریی نهتهوهیهكی ستهملێكراو كردوه و لایەنگرانی هەمیشە بە شانازییەوە بەرزیان کردووەتەوە.
ئهمه ڕێگری كرد لهوهی حزب بكهوێته ناو ئهو ههڵه تهكتیکی و ساردانهی كه ههندێك ڕهوتی چهپ تهنها وهك "گرفتێكی ئیداری" یان "ڕێگرێك له بهردهم شۆڕش" سهیری كێشهی كوردیان دهكرد. حزبی شیوعی سهلماندی كه چهپ بوون واتای نكۆڵیكردن له بوون و شوناسی نهتهوهی خۆت نییه، بهڵکو هاوئاهەنگکردنی پرسی نەتەوەییە لەگەڵ دۆزی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا.
فهزای سیاسیی ئهمڕۆ پێویستی به كاریگهریی ڕاستهقینه ههیه لهسهر ئاستی جیهان. حزبی شیوعی ههمیشه بهشێك بووه له تۆڕێكی جیهانیی فراوان؛ لە ئێستاشدا، پاراستنی پهیوهندیی فهرمی و گهرم لهگهڵ هێزه گهورهكانی وەک حزبی شیوعی چین (وهك دووهم كۆڵهكهی ئابووری و سیاسیی جیهان) و حزبە چەپ و شیوعییهكانی تری جیهان، قورساییهكی دیپلۆماسی و واقیعی پێ دهبهخشێت کە دەتوانێت دەنگی گەلەکەی بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان.
ئهم كرانهوه نێودهوڵهتییه، جیاوازه له دۆخی ئهو گروپه چهپە جۆراوجۆرانهی كه تهنها له ناوخۆدا دهخولێنهوه و بە تەواوی لە هاوکێشە جیهانییەکان دابڕاون. ئەم گروپانە هیچ جۆرە پێگە، کاریگەری و دەنگێکیان لە ناوەندە فەرمییەکانی دەرەوە و تەنانەت لە میدیا دەرەکی و جیهانییەکانیشدا نییە. بێ پهیوهندیی جیهانی و بێ تێگهیشتن له هاوكێشهی هێزهكان، فیکری سیاسی دهبێته ئایدیۆلۆژیایهكی گۆشهگیر كه تهنها توانای ململانێی ناوخۆیی و بازنەیی هەیە.
مێژووی سیاسی پێمان دهڵێت كه پێگهی ڕاستهقینهی ههر هێزێك، به نوسینی دروشمی ڕادیكاڵ له سهر كاغهز دیاری ناكرێت، بهڵكو بهو کاردانەوە مێژووییانە دیاری دەکرێت کە سیستەمە کۆنەکان دەگۆڕێت. جیاوازیی نێوان حزبی شیوعی و ڕەوتە چەپە کاتییەکان، جیاوازیی نێوان "چەپی مەیانی و مێژووسازە کە ڕوخانی مەلەکایەتی و تێکشکاندنی دەرەبەگایەتی تۆمار دەکات و لە جیهاندا دەنگی هەیە"، لەگەڵ "چەپێکی گریمانەیی کە کات و وزەی خۆی تەنها لە دژایەتیكردنی شوناسی نهتهوهیی و ململانێی ناوخۆییدا بهفیڕۆ دهدات". ڕەسنایەتی هەمیشە لە ناو ئەنجام و واقیعدا دەمێنێتەوە.
#کوردستان #شیوعی
06/10/2026
ترەمپ هۆشداریی لێدانی وێستگەکانی وزەی ئێران دەدات و ڕایدەگەیەنێت: تاران بەرەو دەوڵەتی شکستخواردوو دەچێت
ماهات میدیا
تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئاشکرابوونی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی موجتەبا خامنەیی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان و هاوکات بوونی پێکدادانی سەربازی لە دوورگەی قشم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە گوتارێکی ئێجگار توند و کتوپڕ، ئاڕاستەی ڕووداوەکانی بەرەو لێواری جەنگێکی گشتگیر و وێرانکەر برد. ترەمپ لەم لێدوانە نوێیەیدا هۆشداریی کۆتایی داوەتە تاران کە چیدی کاتی یاریی دیپلۆماسی نەماوە.
خاڵی هەرە مەترسیدار لە نوێترین قسەکانی دۆناڵد ترەمپدا، گۆڕینی ئامانجی هێرشەکانە لە بنکە سەربازییەکانەوە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران. ترەمپ بە ڕوونی ڕایگەیاند: "بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، تاران کاتێکی زۆری بەفیڕۆدا و بردی؛ ئێستا من لە سەرووبەندی ئەوەدام فەرمان بدەم هێرشی نوێ بکرێتە سەر وێستگەکانی وزە، پاڵاوگەکان و پردە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تاران دەرفەتی زێڕینی لە دەستدا و وتی: "ئێران کاتێکی زۆری بەفیڕۆدا لە دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک کە دەبوو دەستکەوتی گەورەی بۆ بهێنایە ئاراوە، بەڵام ئێستا تەنها قسەی بێ کردار دەکەن و ناچار دەبن قورسیی باجەکەی بدەن."
ترەمپ ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی بۆ خنکاندنی دارایی تاران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە سەر کەنداو کاریگەریی کوشندەی هەبووە. ئەو وتی: "ئەم گەمارۆ دەریاییە بە تەواوی ڕێگری لە ئێران دەکات کە هەناردە و هاوردە و هەر مامەڵەیەکی بازرگانی بکات؛ بە جۆرێک ئێستا تاران توانای نییە مووچە بە سوپاکەی بدات یان هیچ پابەندییەکی تری دارایی جێبەجێ بکات."
سەرۆکی ئەمریکا وێنایەکی هەڵوەشاوەی لە ناوخۆی ئێران نیشاندا و ڕایگەیاند کە سەردەمی چەوسێنەری و هەژموونی تاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تەواوەتی کۆتایی هاتووە. ترەمپ وتی:
دۆخی سەربازی: سوپای ئێران لە ئاژاوە و پشێوییەکی تەواودایە. زۆرێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی، دوای هێرشەکانی ئەم دواییە، ئێستا بە تەواوی بوونیان نەماوە.
دۆخی سیاسی: بەهۆی کات کوشتن و سیاسەتی چەوتەوە، ئێران بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو بەرەو بوون بە "دەوڵەتی شکستخواردوو"هەنگاو دەنێت.
ئەم لێدوانە نوێیەی ترەمپ، تەواو پێچەوانەی ئەو بەیاننامە هێمنە دەرکەوت کە تێیدا باسی لە ئەگەری دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ موجتەبا خامنەیی دەکرد. ئەم بازدانە گەورەیەی گوتاری واشنتۆن، گوزارشت لە چەند ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەکات:
پێدەچێت ترەمپ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین، تووشی توڕەیی بووبێت. ترەمپ دەیەوێت بەم زمانە توندە بە جیهان بڵێت کە هێرشەکەی سێنتکۆم بۆ سەر دوورگەی قشم کۆتایی کایەکە نییە، بەڵکو ئەگەر تاران بەردەوام بێت، ئەمریکا ئامادەیە شادەماری ئابووریی ئێران (وێستگەکانی وزە و نەوت) پەکبخات.
کاتێک ترەمپ دەڵێت "سوپای ئێران مووچەی نییە و هێزی دەریایی نەماوە"، ڕاستەوخۆ شەڕی دەروونی ئاڕاستەی ناوخۆی ئێران دەکات بۆ دروستکردنی یاخیبوون و ترس لە ناو ڕیزەکانی چەکدارانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا (لەوانەش گرووپە شیعییەکانی بەغدا کە نوێترین بڕیاریان چەکدانان بووە).
ترەمپ بازرگانێکی سیاسییە؛ کاتێک دەبینێت موجتەبا خامنەیی هاتووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕازی بووە چەکی ئەتۆمی فەرامۆش بکات، لە بری نەرمی نواندن، فشارەکان دوو هێندە دەکات تا زیاترین ئیمتیاز لە تاران وەرگرێت، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەی موشەکی و کشانەوەی ئێران لە عێراق و سووریا.
ئێستا تۆپەکە لە مەیدانی موجتەبا خامنەییدایە؛ یان دەبێت مەرجە قورس و نوێیەکانی گەمارۆ دەریاییەکەی ترەمپ قبوڵ بکات و بچێتە دیداری لوتکە، یان ئەوەتا ناوچەکە شاهیدی پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەبێت لەسەر وێستگەکانی کارەبا و نەوتی ناو جەرگەی ئێران، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ هاوسەنگیی حکومەتەکەی عەلی زەیدی لە بەغدا و پەیوەندییەکانی هەولێر و سلێمانی دەخاتە ناو دۆخێکی نائارامی کتوپڕەوە.
#ایران #ئەمریکا #ترامپ
Click here to claim your Sponsored Listing.
Category
Website
Address
Maple Ridge, BC
V2X5Y4